حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ بەڕێوەچوو

16:14 - 5 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: بەرەبەریانی ئەمڕۆ هەینی ٥ی جۆزەردان، حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی\"بازرگانی بە مادەی سڕکەر\" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەڕێوەچوو.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە \"عوسمان حەسەنی\" خەڵکی شاری سەردەشت، \"سەلاحەدین شەفیعی کیا\" و ڕەمەزان موختاری\" خەڵکی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.

بەپێی یاسای تاوانەکانی حکوومەتی ئێران: بەرهەم هێنان، قاچاغ یان هەڵگرتنی ٥ کیلۆ تریاک یان زیاتر لە ٣٠ گرەم یان زۆرتر لە هێرویین، مۆرفین یان هەر مادەیەک کە دەبێتە هۆی تێکدانی باری درونیی مرۆڤ، لەگەڵ سزای لە سێدارەدان بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ساڵی رابردوو ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لە\"زۆربوونی ئێعدام\" لە ئێران کردبوو، و هەروەها ئەو دادگایانەی کە ئەو حوکمانە دەردەکەن، بە دوور لە هەر جۆرە\"سەربەخۆیی و بێ لایەنی\"وەسف کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، پاش وڵاتی چین، ئێران بە دووهەمین وڵات لە جیهاندا بە ئەژمار دێت سەبارەت بە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی.