کێشەی بنەماڵەیی لە سەڵماس ٦ کوژراو و سێ برینداری لێ کەوتەوە

15:35 - 27 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، لە شاری سەڵماس نزیکی ١٠ هاووڵاتی بوونە قوربانی و بکوژەکەش هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، بە هۆی کێشەیەکی بنەماڵەییەوە هاووڵاتییەک بە چەکی گەرم هێرشی کردە سەر ماڵی کەسێک و ٩ ئەندامی ئەو بنەماڵەیەی کردە قوربانی.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە؛ \"ح.الف\"زاوای بنەماڵەی\"م.الف\" بە دەمانچە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزووری و تەقەی لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کردووە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکان، لەو ڕووداوەدا ٦ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەواڵە بەراییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ منداڵێکی ساوا و دوو مانگەی ئەو بنەماڵەیە کە بە تەقەی\"ح. الف\" لەو ڕووداوەدا پێکرا بوو، بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە پاش چەند کاتژمێرێک لە پاش ئەو ڕووداوە گیانی لەدەست داوە.

لەو ڕووداوە دا، سێ پیاو و دوو ژن و ئەو منداڵە ساوایە کوژراون.

بکوژەکە پاش ئەو ڕووداوە لەو شوێنە ڕایکردووە و تاکاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە دەستبەسەر نەکراوە.