لێبووردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی ئێران دەبێ وەڵامدەری یەک دەیە ناداپەروەری بەرانبەر کەبوودوەند بن

16:34 - 23 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەندی پاش ١٠ ساڵ زیندانی کردنی ناوبراو بە \"درەنگ\" وەسف کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەاڵدەریی کوردپا؛ پاش ئازاد کردنی محەممە سدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری ناوەندی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ماگدالێنا مەغربی جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئافریقای لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند: ئازاد کردنی محەممد سدیق کەبوودوەند پاش ١٠ ساڵ لە زیندانی کردنی ناداپەروەرانەی \" درەنگە\" و ناوبراو بە پێی تاوانە دروست کراوەکان بە زیندان مەحکووم کراوە و جێی داخە کە محەممد سدیق کەبوودوەند یەک دەیە لە ژیانی خۆی لە زینداندا تێپەڕێنێت.

جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵات و باکووری ئافریقای لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئەوەشی خستەڕوو: \"دۆسیەی کەبوودوەند جارێکی دیکە نیشانی دا هەتا چ ڕادەیەک بەرپرسانی ئێرانی ئامادەن مافی دادکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان پێشێل بکەن و چالاکییە ڕەواکانی ئەوان \"تاوانکارانە\" لەقەڵەم بدەن.

ماگدالێنا مەغربی ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئێران دەبی وەڵامدەریی یەک دەیە ناداپەروەری بەرانبەر محەممەد سدیق کەبوودوەند بن و لە یەکەم هەنگاودا بەرپرسانی حکوومەتی دەبێ حوکمی مەحکووم کردنی کەبوودوەند هەڵبوەشینەوە و دڵنیایی ئەوەی پێی بدەن کە کەبوودوەند بتوانێت درێژە بە کار و چالاکی لە بواری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانیی خویدا بدات.

ناوبراو لە کۆتاییدا پێداگری لە سەر ئەوە کردەوە کە: \"بەرپرسانی ئێرانی دەبێ کۆتایی بە ئازار و ڕاوەدوونانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان بهێنن و سەرجەمی زیندانیانی عەقیدەتی دەستبەجی بە بێ هیچ مەرجێک ئازاد بکەن\".

ڕۆژی هەینی ٢٢ی بانەمەڕ، محەممەد سدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ١٠ ساڵ دەستبەسەری لە زیندان ئازاد کرا.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەوتووتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرکرانە خۆسەرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکدا دامەزراندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکییەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەندی بە یاسایی ڕاگەیاند و سەپاندنی حوکمی ١٠ زیندانی بە سەر ناوبراودا بە نایاسایی ڕاگەیاند.