کتێبە شێعرێکی فەریدوون ئەرشەدی لە پێشانگایەکی نێونەدەوڵەتیی کتێب لە تاران پێشان درا

15:23 - 16 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کتێبە شێعری \"نامەکانی غوربەت\" بەرهەمی شاعیری کورد فەریدوون ئەرشەدی لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی کتێب لە تاران کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی شێعر و وێژەی کوردی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامەکانی غوربەت بەرهەمی فەریدوون ئەرشەدی شاعیری کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، چاپی یەکەمی ئەو کتێبە ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە تاران خرایە بەر دەستی ئۆگران و خوێنەرانی وێژەی کوردی.

فەریدوون ئەرشەدی لە پێشەکی کتێبکەیدا دەڵێت:ئەم کورتە شێعرانە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە ناوی \"یەسنا\" نووسراون و دواتر لە کاتی نیشتەجێبوونم لە باشووری کوردستان، شێوازێکی دیکەیان وەرگرت و بوون بە نامەکانی غوربەت و دەستپێکی دیکەن لە دەربڕین و ئەزموون کردنی من لە نووسیندا.

ئەو شاعیرە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە؛ لەو کۆمەڵە شێعرەدا، بە زمانی شێعر، ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بۆ یەسنا گێڕاوتەوە.

چاپی یەکەمی ئەو کتێبە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە لایەن بڵاڤۆکی \"مانگ\" بە تیراژی ١٠٠٠ کتێب بڵاو کرایەوە.

فەریدوون ئەرشەدی، ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی لە شاری سنە لە دایکبووە و لە ساڵی ٧٣ هەتا ٧٧ی هەتاوی وەکوو کارناسی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شارەکانی سنە، سەقز، تاران و ورمێ خەریکی چالاکی بووە.

ناوبراو هەروەها چالاکی لە گۆڤارەکانی\"سروە\" و حەوتوونامەی \"سیروان\" و تەلەفزیوون کوردیدا لە کارنامەی ئەدەبی خۆیدا هەیە و لە ساڵی ٨٢ی هەتاوی لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە.

ئەو شاعیرە کوردە، سەرەتا بە زمانی فارسی شێعری هۆنیووتەوە و لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی بە دواوە، زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی کوردی هۆنیووتەوە.