کچە کوردێک خەڵاتی باشترین توێژینەوەی زانستیی بە دەست هێنا

15:04 - 16 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کچێکی کورد له كۆنفڕانسی ناوەند و ڕۆژھەڵاتی ئورووپا بۆ دێموكراسیی ئێلكترۆنی و حكوومەتی ئێلكترۆنی، باشترین خەڵاتی توێژینەوەی زانستیی بە دەست ھێنا.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، لە كۆنفڕانسی ناوەند و ڕۆژھەڵاتی ئورووپا بۆ دێموكراسیی ئێلكترۆنی و حكوومەتی ئێلكترۆنی، لە وڵاتی مەجارستان \"پەیمان ڕەمەزان ئەحمەد\" خەڵاتی باشترین توێژینەوەی زانستیی بە دەست هێنا.

ئەو کچە کوردە لە زانکۆی ڕاپەڕین سەرقاڵی وانە وتنەوەیە.

پەیمان ڕەمەزان، خوێندکاری دۆکتۆرا، لە زانکۆی نیشتمانیی مەجارستانه و ناوبراو بە ناوی زانکۆی ڕاپەڕینەوە بەشداری لە كۆنفڕانسی (Eastern European e|Dem and e|Gov Days 2017) کردووە.

ئەو تۆێژەرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی زانکۆی ڕاپەڕین ڕاگەیاندووە: \"ئەم کۆنفڕانسە ساڵانە بە ھاوبەشی زانکۆی نیشتمانی مەجارستان و زانکۆی ئەندراشی لە بوداپێست و چەند ناوەندێکی دیكەی توێژینەوەی زانستی لە ئەوروپا ئەنجامدەدرێت\".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە: \"لە کۆنفڕانسەکەدا تەنیا سێ خەڵات دەبەخشرێن، بۆ ئەمساڵ یەکێک لە سێ خەڵاتەکە بەخشرا بە توێژینەوەکەم كە بە ناونیشانی (corruption in the extractive industry sector reinventing trusted governance \"Iraqi Case\') ئەنجامم داوە\".

ئەو خەڵاتە لەناو ٤٦ توێژینەوەی وڵاتە جیاوازەکان وەک باشترین توێژینەوەی زانستی لە کۆنفڕانسەدا دیاری کرا.