نۆزدەی بانەمەڕ حەبسی دە ساڵەی محەممەد سدیق کەبوودوەند کۆتایی دێت

16:26 - 15 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی له کۆتایی هاتنی ماوەی زیندانی دە ساڵەی محەممەد سدیق کەبوودوەند کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵە، هاوکاران و هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی هیواداران نۆزدەی بانەمەڕی ئەمساڵ شاهێدی ئازادی دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بن و لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی له کۆتایی حەبسی دە ساڵەی محەممەد سدیق کەبوودوەند کرد.

لە بەشێکی ئەو بەیانییەدا هاتووە ڕێکەوتی نۆزدەی بانەمەڕی ساڵی ٩٦، کۆتایی حەبسی دە ساڵەی محەممەد سدیق کەبوودوەندە. بەپێی ڕۆژژمێری زیندان، حەبسی دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان کۆتایی دێت و ئەگەرچی لە ماوەی ساڵانی دەستبەسەرکرانیدا چەندین پەروەندەی قەزایی لە پارێزگاکانی کوردستان (سنە)، ورمێ و تاران دژی دروست بوو.

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرکرانە خۆسەرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەک دامەزراندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی یاسایی و چالاکییەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەندی یاسایی ڕاگەیاند و حوکمی ١٠ زیندانیی بە سەر ناوبراودا نایاسایی ڕاگەیاند.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەوتووتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ١١ ساڵ زیندانی بوون حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

دامەزرێنەری ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، زۆرجار وتوویەتی: زیندانی کردنی کەبوودوەند نایاساییە و دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەیە و ئازاد کردنی کەبوودوەند دەبێ بێ مەرج بێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

هەینی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٦
٥ی مەی ٢٠١٧