تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژرانی کۆڵبەرێکی کوردی لێ کەوتەوە

16:11 - 15 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبیی سەرسنوورەکان و پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانە کە بەهۆی نەبوونی دەرەتانی کار و دژوارییەکانی ژیان ڕوویان لە سنوورەکان کردووە و لە کۆتاییشدا دەبنە قووربانی تەقەی هێزەکانی حکوومەت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژرا.

\"\"
نوردەین ئیبراهیمی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو کۆڵبەرە شنۆییەی بە ناوی\"نوردەین ئیبراهیمی\" خەڵکی گوندی\"ئاڵکاوێ\" سەر بە شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی دەسترێژی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کاسبکارێکی دیکەش بەناوی \"لوقمان\" کوری \"حاجی ڕۆستەم\" خەڵکی گۆندی \"شێخ زەرد\" بریندار بووه.

کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد بە هۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و دەستکورتی، ڕوویان لە کاری پڕمەترسیی سەر سنوور کردووە و ئەو کارە مەترسیدارە زۆر جار بە نرخی گیان لەدەست دانیان تەواو دەبێت.