لە زانکۆی کوردستان بەرهەمە ناوازەکانی حەسەن زیرەک هەڵسەنگێندرا

15:01 - 13 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەبەشداری کۆمەڵێک لە ئۆگرانی هونەرو گۆرانی ڕەسەنی کوردی، مامۆستاکانی زانکۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەرهەمەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا \"حەسەن زیرەک\" لە کۆڕێکی زانستی هەڵسەنگێنرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ١٢ی بانەمەڕ، زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ئێوارە کۆڕێکی زانستی بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی هونەرمەندی مەزنی کورد مامۆستا حەسەن زیرک بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییە، زانستی، فەرهەنگی و هونەرییەکان بەڕێوە برد.

دواندەرانی ئەو کۆڕە زانستییە بریتی بوون لە حوسێن محەممەد زادە، شەهرام عەلی محەممەدی، هیوا ڕەحمانی، فوئاد بەزرئەفکەن، بەهمەن حاج ئەمینی، مەنسوور بەهرام بەیگی، کامبیز کەریمی و قادر ئازمەند.

یەکێک لە شارەزایانی بواری موسیقا لەو ڕێوڕەسمەدا ڕاگەیاند: ناتوانین حەسەن زیرەک وەکوو هونەرمەندێک ناو ببەین، بەڵکوو دەبێ وەکوو ئوستورەی مۆسیقای کوردستان ناوی لێ بنین.

شەهرام عەلی محەممەدی گوتی: پاش حەسەن زیرەک ، هەرهونەرمەندێک بەو شێوەیە گۆرانی وتبێت، تەنیا لاسایی کارەکانی حەسەن زیرەکی کردووەتەوە.

کامبیز کەریمی شاعێر خەڵکی شاری سنە یەکێکی دیکە لە ئاخێوەرانی ئەو کۆڕە بوو کە هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەکی بە بەشێک لە شوناسی کورد شوبهاند و گوتی: حەسەن زیرەک نموونەیەکی تەواوی مێژووییە و ئێستا بووەتە بەشێک لە شوناسی کورد.

ئەو شاعێرە کوردە، تواناییەکان و ناوبانگی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەکی بۆ چوار هۆکار گەڕاندەوە و گوتی: جووڵانەوە لە بەستێنێکی لۆژیکیی سیاسی، زاڵ بوون بە سەر فولکلۆر، مامۆستای بیداهە و هەروەها شارەزایی لە نۆستالۆژی لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی حەسەن زیرەک بووە.

حوسێن محەممەد زادە کۆمەڵناس و لێکۆڵەری کوردستانی یەکێکی دیکە لە لێدواندەرانی ئەو کۆرە زانستیەی بوو کە سەبارەت بەو هونەرمەندە کوردە گوتی: ئەو هونەرمەندە کوردە هێمایەک لە موسیقای کوردی بووە کە توانی بەکارەکانی کاریگەری فەرهەنگی \"بێ وێنە\" نە تەنیا لە سەر کوردەکان، بەڵکوو لە سەر دراوسێکانی کورد، وەک فارس، تورک و لوڕ زمانەکانیش داناوە.

هونەرمەندی گەورەی کورد، حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٠٠ لە شاری بۆکان لە دایکبووە و ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەکەی کرد و لە ئامێزی ناڵەشکێنە بە خاک سپێردرا.