ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی دونیای مەجازی لەو شارە دەستبەسەر کرد

01:31 - 13 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ١٢هەمین خۆلی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان چاوەدێری و کونتڕۆڵی دونیای مەجازیان زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ بانەمەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد و کچەکەی ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کرد.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی لە نەرمە ئامێرکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو کچە چالاکە لە دونیای مەجازی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە، شوناسی ئەو کچە کوردی بە ناوی\"سارا کەمانگەر\" خەڵکی شاری سنە ڕاگەیاند.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەدواچوونی بنەماڵەی سارا کەمانگەر بۆ ئاگاداربوون لە مەڕ چارەنووسی کچەکەیان هەتا ئێستا بێ ئاکام بووە.

دەوترێ، ئەو کچە چالاکە لە دونیای مەجازی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.