بەندوای سیکان پاش ٧ ساڵ تەواو نەکراوە

15:33 - 9 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای دانانی بناغەی بەنداوی سیکان لە پاش حەوت ساڵ لە شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام هێشتا کارە سەرەتاییەکانی ئەو بەنداوە دەستی پێنەکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای دانانی بەردی بناغە و دیاری کردنی تێچووی ئەو بەنداوە، ئەو پڕۆژەیە هەتا ئێستا پاش حەوت ساڵ هەر لە قۆناغی سەرەتایی دایە.

پڕۆژەی بەنداوی سیکان لە نزیک گوندی فەرهاد ئاوای شاری دەڕەشار هەڵکەوتووە کە هەموو ساڵێک بەرپرسانی حکوومەتی بەڵێن دەدەن کە ئەو پرۆژەیە تەواو بکەن، بەڵام بەڵێنەکانیان لەو بارەوە بووتە بڵقی سەرئاو.

هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، کاری ئەو پڕۆژەیە بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری بۆ جێبەجێ کردنی بە ناڕوونی ماوتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو بەنداوە کێشەی حقوقی هەیە و لە ئەگەری دەست پێکردنی کاری ئەو بەنداوە، دەبێ خەڵکی گوندی فەرهاد ئاوای شاری دەڕەشار ئەو گوندە چۆڵ بکەن.

هەتا ئێستا ژمارەیەک لە سەرمایەدانەرانی نێوخۆیی و دەرەکی بە تایبەتی سەرمایەدانەرانی وڵاتی چین سەردانی ئەو پرۆژەیان کردووە، بەڵام بە هێچ ڕێککەوتنێک لە مەڕ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو بەنداوە نەگەیشتوون.

پێشتر فەرمانداری پێشووی دەڕەشار لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی ڕاگەیاندبوو، یەکێک لە پرۆژە گەورەکان، لەو شارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە لە بیر کراوە کە ئەویش بەنداوی سیکانە.

بە وتەی شارەزایان، جیاوازی بیروبۆچوون لە سەر پرۆژە نوێییەکان لە پارێزگای ئیلام بوونی هەیە و دەبێ بۆ تەواو کردن بەنداوی سیکان بەڵێندەران لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی وزە وتووێژ بکەن.

بەنداوی سیکان بە مەبەستی دابین کردنی ئاوی پێوسیتی پێنج هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە دانراوە و لە سەرەتای دەست پێکردنی ئەو پرۆژەیە بە هۆی نەبوونی تێچووی پێویست، ڕاگیراوە.

پرۆژەی دروست کردنی بەنداوی سیکان لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی دەستی پێکردووە وهەتا ئێستا پاش نزیکەی ٧ ساڵ هەر لە قۆناغی سەرەتایی دایە.