کوشتنی ئەسپی کاسبکاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە

15:11 - 7 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی کاسبکارانیان لە شاری پیرانشار کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پاش بۆسەنانەوە لە سەر ڕێگای کاروانی کاسبکاران، زیاتر لە ١٠ سەر ئەسبی کاسبکارانیان کوشت.

هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بە ناوی \"سێ چۆمانی\" شاری پیرانشار بۆسەیان بۆ کاسبکارەکان ناوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: کاسبکاران هیچ شتومەکێکیان پێ نەبووە و هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی هەڵگرتنی شتومەک پاش زەوت کردنی ئەسبەکان کوشتوویانن.

ئاژانسی کوردپا پێشتر لە ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠ی خاکەلێوە، هەواڵی کوژرانی ١٤ سەر ئەسب و بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕزگار\" خەڵکی گوندی \"کۆڵەسە\"ی سەر بە شاری سەردەشتی بڵاو کردەوە کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بریندار کرا بوو.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.