بەرپرسانی حکوومەتی لە هەوڵی دروست کردنی زیندانێکی نوێدان لە شاری شائاباد

16:16 - 3 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی لە هەوڵی دروستکردن و وەڕێخستنی زیندانێکی نوێدان لە شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەری گشتی زیندانەکانی پارێزگای کرماشان، دروست کردنی زیندانێکی نوێی لە شاری شائاباد بە پێویست زانی.

مەنسوور بیگلەری ڕاگەیاند: لە ئەگەری تەرخانکردن و دانی بودجەی پێویست، زیندانێکی نوێ لە شاری شائاباد دروست دەکەین بەچەشنێک کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئامادەی کەڵکوەرگرتن بێت.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری ئەو بەرپرسە حکوومەتییەوە بڵاوی کردەوە کە، بردنە سەری فەزای فیزیکی زیندانەکان بۆ پرۆسەی چاکسازی و بارهێنانی تاوانکاران و ئامادە کردنی بەستێنی بە تواناکردن و هێنانەوەی زیندانییەکان بۆ نێو کۆمەڵگا ڕۆڵێکی ئەرێنی هەیە.

بە پێی ئەو هەواڵە، بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و پلاندانی شاری کرماشان، پشتیوانی خۆی لە ڕاستای تەواو کردنی پڕۆژەی زیندانی نوێی شائاباد و دانی بودجەی پێویست بە ئەو پرۆژەیە ڕاگەیاند.

سازکردنی زیندانی نوێ لە شائاباد لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان بارودۆخی زیندانەکانی ئێران بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان گەلێک خراپە و لە باری سرویسی بێهداشتی و سیستمی گۆڕینی هەوا و ڕێژەی پەتوو بۆ زیندانییەکان و پیداویستییە درمانییەکان لە دۆخێکی نەشیاودان بەڵام تاکوو ئێستا هێچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەم کێشانە نەدراوە.