دوو چالاکی کرێکاری بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران

15:00 - 3 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی کرێکاری کورد خەڵکی شاری کامیاران بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە بە ناوەکانی\" سەعید یووزی\" و \" ساڵح ئەمانی\" بە دانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، هەتا کاتی دادگایی کردنیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

سەعید یووزی و ساڵح ئەمانی، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان دەرچووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەئەژمار دێن.