هێرشی دووبارەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد

02:46 - 1 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کەمتر لە یەک حەوتوودا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران لە ناوچەی سەردەشت و سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ ٣١ خاکەلێوە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە شاری سەردەشت هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران و دەستیان گرت بە سەر کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانەدا.

شوناسی یەکێک لە کۆڵبەرانی برینداربوو بە ناوی\"هادی خزری\" لەلایەن هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕاگەیەنراوە؛ ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کراوە.

ئەو ڕووداوە لە گوندی\"کێلێ\"ی ناوچەی بێورانی شاری سەردەشت ڕوویداوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە پاش دەستبەسەر داگرتن ئاگری تێبەردراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێ؛ خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کێلێ بە هانای کۆڵبەرانەوە چوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت، لانیکەم چوار کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی یەکێک لە کۆڵبەرانی کوژراوی \"ئەحمەد مام قادری\" خەڵکی گوندی\"دۆڵەبی\" ڕاگەیاندووە.