کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری سەردەشتدا بریندار کرا

13:40 - 16 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە سنووری شاری سەردەشتدا  بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٦ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "یووسف مستەفاپوور"، کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "دارمەرجانـ"ـی شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە شوێنێک بە ناوی "سەنگەر ئاغایان" دراوەتە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکان و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە بارودۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.