کتێبفرۆشێکی بۆکانی بە سێ مانگ و ١ ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرا

13:51 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی دادگای گشتیی بۆکان، کتێبفرۆشێکی خەڵکی ئەو شارەی بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبفرۆشێکی کورد بە ناوی "مستەفا ڕەحیمی"، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای گشتیی ئەو شارەوە، بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی فرۆشتنی کتێبی "ئەنجیل" بۆ ئەو کتێفرۆشە بڕاوەتەوە و ناوبراو ١٠ ڕۆژ پێش لە ماوەی بەڕێوەبردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی شاری بۆکان کراوە.

ئەو کتێبفرۆشە کوردە، ٢١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە سەر  ٣٠٠ بەرگ کتێبی ئەنجیلدا گرتبوو.

ئەم کتێبفرۆشە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.