چالاکێکی کرێکاری بە زیندان مەحکووم کرا

12:27 - 16 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی کرماشان، چالاکێکی کرێکاریی بە ٣ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "ئەمین سیبەر"، بە تۆمەتی "بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی"، لە دادگای ئینقلابی کرماشان، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەری بووە.

"ئەمین سیبەر"، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی پێش، لە کرماشاندا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "کامران ساختمانگەر"، لە شارستانی سەقزدا، بە هۆکارگەلی نادیار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بە شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.