چالاکانی مافی مرۆڤ، سەردانی بنەماڵەی "ڕامین حوسێن پەناهیـ"ـیان کرد

12:11 - 16 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری یەکەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی "ڕامین حوسێن پەناهی"، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ، سەردانی بنەماڵەی ناوبراویان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی هەواڵنێریی کوردپا، لە بەرەبەری یەکەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی "ڕامین حوسێن پەناهی"، زیندانیی سیاسیی کورد، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە گوندی "قوریچیا"، سەردانی بنەماڵەی "حوسێن پەناهیـ"ـیان کرد.

لەم دیدارەدا، "محەممەد سدیق کەبوودوەند" چالاکی ناسراوی مافی مرۆڤ، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا حوزووریان هەبوو.

بنەماڵەی "ڕامین حوسێن پەناهی" لەم چاوپێکەوتنەدا، تەنیا خواستیان ئەوە بوو کە حکوومەت لە شوێنی نێژرانی کوڕەکەیان ئاگاداریان بکاتەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی: "ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی"، لە زیندانی "ڕەجایی شار"ی کەرەجدا لەسێدارە دران.

"ڕامین حوسێن پەناهی"، ساڵی ٩٦ی هەتاوی، بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەدا"، لە لایەن دادگای ئینقلابی سنەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرا.