پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان

12:13 - 17 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی تاوانەکانی ١٧ خەرمانان.

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان!

حیزب و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئێران!

یەک ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری شاری کۆیە کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، زیندانییانی سیاسیی ناسراوی کۆمەڵە "ڕامین حوسەین پەناهی"، "لوقمان مورادی" و "زانیار مورادی" لە سێدارە دران و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، ۱٤ ئەندامی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ۲ مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهیدبوون.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و هاوکات لەسێدارەدانی پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری کورد دەیانهەویست بە خەیاڵی خۆیان حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چالاکان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بترسێنن و ئەو پەیامە بە نێوخۆی ئێران، کوردستان و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بدەن کە کۆماری ئیسلامی بەهێزە و لە هەموو حاڵەتێکدا توانای هێرش و پەلامار بۆ سەر هێز و لایەنە خەباتگێڕەکانی کوردستانی هەیە.

بەڵام دیتمان خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی خەرماناندا بە دەنگی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن و بە پشتیوانی لە هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانیان حەماسەیەکی کەم وێنەیان وەڕێ خست. خەڵکی کوردستان، پێشوازییان لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کرد و بە وەڕێخستنی مانگرتنێکی سەرانسەری و گشتی، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەر دوو تاوانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

ئەو پێشوازی و بە دەنگەوە هاتنەی خەڵک بە چەشنێک بەرین و سەرانسەری بوو کە بێزراوبوونی ئەو ڕێژیمە لەنێو خەڵکی کوردستانی بە باشترین شێوە پیشان دایەوە. هەر بۆیە دەتوانین بە ڕاشکاوی بڵێین کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لاپەڕەیەکی پڕشنگدارە لە مێژووی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی و خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا.

ئەم مانگرتنە گشتی و سەرانسەرییە جارێکی دیکە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی سەلماندەوە کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و ٣٩ ساڵ سیاسەتی سەرکوتکەرانە و زەبروزەنگی ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانیان لێک داببڕێت.

پەیامی ٢١ی خەرمانان ئەگەر لە لایەک ژان و ئازاری لەدەستدانی پۆلێک سەرکردە و کادر و پێشمەرگەی شەهید و سێ لاوی تێکۆشەری لەسێدارەدراوی کەم کردەوە، لە لایەکی دیکە ترس و خۆفی خستەوە نێو گیانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی ئەو کاربەدەست و دامودەزگایانەی لەژێر سێبەری مووشەک و تۆپخانە و سەرنێزە لە کوردستان حوکمڕانی دەکەن.

تاوانەکانی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، هەر بەو ڕادەیە کە دڕندەیی و نێوەرۆکی کۆمەڵکوژانە، تێرۆریستی و دەستدرێژکارانەی هێرش و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕانەی کوردستانیان پیشان دایەوە، سەلمێنەری وەحشەتی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان وەک ناوەندی خەبات و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامیش بوون. خەبات و بەربەرەکانییەک کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای زۆرتربوونی دڕەندەیی و زەبر و زەنگی هێز و دامودەزگا سەرکوتکەرەکان لە کوردستان، درێژەی هەبووە و ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرماناندا، وێڕای مەحکوومکردنەوەی ئەو تاوانانە، سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدەکان دەنێرێت‌ و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەم پۆلە گەورە لە تێکۆشەرانی شەهیدی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

هەر لەم بۆنەیەدا پێزانینی خۆمان لە ئاست هەڵوێستی وشیارانە و ئازایانەی خەڵکی کوردستان و دەربڕینی هاوپێوەندی و پشتیوانییان لە هێزە سیاسییەکانی خۆیان کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانان لووتکەی ئەم هەڵوێستەیان بوو، ڕادەگەیەنینەوە. بە جێیە لەم بۆنەیە‌دا جارێکی دیکە سپاسی خۆمان بۆ سەرجەم هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسی و خەباتکارەکانی کوردستان و ئێران کە لەم کارەساتەدا، هاودەنگ، هاوخەم و هاوکار و پشتیوانمان بوون، دووبارە بکەینەوە.

لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرماناندا، جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان و خەباتی ئێمە هێزە سیاسییەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە، دڵگەرم و پشت ئەستوور بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵە شوومەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، درێژەی دەبێت.

بێگومان لە بەردەوامی و درێژەدانی ئەو ئەرکە پڕشانازییەشدا، پەیامی هەمیشەیی خەڵکی کوردستانی بۆ هێزە سیاسییەکان کە داوای یەکگرتوویی، هاوخەباتی، هاوپەیمانی و پشتبەستن بە یەکتر بووە، لەبەرچاومان ون نابێت.

جارێکی تر یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە پێناوی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورددا گیانی خۆیان بەخت کردووە بەرز ڕادەگرین و بەڵێن دەدەین کە بە لێبڕاویی زیاترەوە بۆ وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانیان تێبکۆشین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی

٨ی سێپتامبری ٢٠١٩