زیندانی ورمێ بۆ پێشوازی لە بەرپرسی دەزگای دادوەری، نۆژەن دەکرێتەوە

15:28 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بۆ پێشوازی لە بەرپرسی دەزگای دادوەریی ئێران، دیوارەکانی ئەو زیندانە ڕەنگ دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بۆ پێشوازی لە "ئیبراهیم ڕەئیسی"، بەرپرسی دەزگای دادوەریی ئێران، نوێکردنەوەی بەشە جۆراوجۆرەکانی نێو زیندانی ورمێیان دەست پێکردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی سەردانی "ڕەئیسی" لە زیندانی ورمێ، بەرپرسانی زیندان بۆ پێشوازی لە ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، بەستێنی پێویستیان بۆ هەڵسوکەتی ناوبراو لەگەڵ زیندانییەکان، بەتایبەت زیندانییە سیاسییەکان، ئامادە کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بە نۆژەنکردنەوە و ڕەنگکردنی دیوارەکانی نێو زیندان، دەیانهەویست بە بیروڕای گشتی  نیشان بدەن کە زیندانییانی سیاسی، لە باشترین دۆخدا بەسەر دەبەن".

زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ساڵی ١٣٤٨ دامەزراوە و ١٣ بەندی هەیە، ناوەندی بەڕێوەبەریی ئەو زیندانە، ڕێکخراوی زیندانەکانی دەزگای دادوەرییە.