دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کرێکاری و ئازادکردنی چالاکێکی کرێکاریی دیکە

11:18 - 15 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە نزیک شاری سەقز، دوو چالاکی کرێکارییان دەسبەسەر کرد و دواتر یەکێک لەو دوو چالاکە کرێکارییەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "کامران ساختمانگەر و سەید عەلی حوسێنی"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە نزیک شاری سەقز دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، "سەید عەلی حوسێنیـ"ـیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرد و "کامران ساختمانگەر"یان بۆ شاری سنە ڕاگواست.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە و ئازادکردنی یەکێکیان، زانیاریی ورد لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو، وەک: "کارتی پێناس، کاغەزی تاقیکاریی پزیشکی، کتێب و هاردی کامپیۆتر"یان، لەگەڵ خۆیان برد.