دوو هاووڵاتیی کورد لە دێولان دەسبەسەر کران

13:58 - 16 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەت، دوو لاوی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری دێولانیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٥ی خەرمانان، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر گوندی "قوریچیا"ی شاری دێولان و دوو لاوی کوردیان بە ناوەکانی "ساسان میرەکی و محەممەد حوسێن ‌پەناهیـ"ـیان دەسبەسەر کرد.

"ئەمجەد حوسێن ‌پەناهی" لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، دەسبەسەرکردنی ئەو دوو لاوە کوردەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "لە بەرەبەری یەکەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن ‌پەناهی، گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ناوبراو ڕووی لەزیادبوون کردووە".

ئەم دوو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسی ناوبراوان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەریی ئەو دوو لاوە کوردە، هیچ زانیارییەک ڕانەگەیەندراوە.