دوو لاوی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لەدەست دا

15:23 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە مەهاباد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٨ی خەرمانان، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "سادق ئاگوشی" کوڕی "کاوە"، خەڵکی شاری پیرانشار و "بایەزید ڕەسووڵی" کوڕی "عەلی"، خەڵکی گوندی "حەسەن چەپـ"ـی شاری مەهاباد، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لە مەهاباد گیانیان لەدەست دا.

هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی ڕاودوونانی ئەو دوو لاوە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لێ کردوون.

"کاوە ئاگوشی" و "شێرکۆ ئاگوشی"، باوک و برای "سادق ئاگوشی"، پاش شەڕی هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی "قەڵەڕەشە"ی شاری سەردەشت، لەگەڵ هێزەکانی حدک لە ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەرماناندا، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە "سادق ئاگوشی" و "بایەزید ڕەسووڵی" لە ئەندامانی ئەو حیزبە بوون و لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە هێرش کراوەتە سەریان.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هێزەکانی سپای پاسداران، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، تەقەی لەو دوو لاوە کردووە.