دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەی کرێکارانی شارەداریی شاری سەقز

13:19 - 17 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەداریی شاری سەقز، ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش کێشەی بۆ بنەماڵەکانیان دروست کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداریی شاری سەقز، ماوەی سێ مانگە مووچەی کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییەی بە کرێکارانی نەداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەمان، لە کاتی کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان، کێشە بۆ بنەماڵەکانمان دروست بووە".

ئەو سەرچاوەیە بە ئاماژەدان بە کێشەی ماڵیی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، وتی: "کرێکاران داوا لە بەرپرسانی ئوستانی و شارستانی، بە تایبەت پارێزگار و نوێنەری مەجلیس دەکەن کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ڕێوشوێنێکی گونجاو بگرنە بەر".

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "بە دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی شارەداریی شاری سەقز، ئەو ناوەندە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ماڵیی شارەداری، هیچ دوورەداهاتوویەکی ڕوونی نییە".