دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دوو هاووڵاتیی کوردی بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرد

12:02 - 17 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بە سەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕدا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سابیر کەمانی و کامران کەمانی"، خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێوە، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەرمانان بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بەڕێوەچوو و هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندان، مەحکووم کران.

ڕۆژی شەممە، ١٦ی خەرمانان، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ بەڕێوەبەریی تاوانەکانی زیندانی ورمێ بانگهێشت و حوکمەکەیانیان پێ ڕاگەیاندن.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گوندی "ئەنبێ" و "سابیر و کامران کەمانی" و "کەیوان موکەڕەم"، کوڕی "جادر"یان دەسبەسەر کرد.

ئەو سێ هاووڵاتییە کردە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزران.