حوکمی ١١ ساڵ زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کورد، پشتڕاست کرایەوە

12:04 - 13 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی شنۆیی، لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی "غەفوور بەرهەم"، کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "میرئاوێـ"ـی ئەو شارە، لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕیگای کۆبوونەوە و تەبانی بۆ خرابکاری دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی نایاسایی" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها "بەزاندنی سنووری بە شێوی نایاسایی" بە ساڵێک زیندان، مەحکووم کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەزارەتی ئیتلاعات لە قۆناغی پێراگەیشتنی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستێوەردان و ناوبراوی لە گرتنی پارێزەر بێبەری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ ناڕەزایەتیی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ڕەت کردووەتەوە".

ئە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "دەزگای دادوەری بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم حوکمەی بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە".

"غەفوور بەرهەم"، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.