بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد بۆ فرۆش خرایە موزایدە

15:14 - 11 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی بەڕێوەبەری کەیفەریی شاری شنۆ، بارمتەی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بۆ فرۆش خستە موزایدە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کامیل عەبدوڵڵاپوور"، کوڕی "عەلی"، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی بەڕێوەبەری کەیفەریی ئەو شارەوە خرایە موزایدە.

موزایدەی بارمتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی شەممە، ٩ی خەرمانان، لە نووسینگەی بەڕێوەبەری کەیفەریی دادسەریی شاری شنۆ، بەڕێوە دەچێت.

بارمتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دوو ماڵ و هێکتار و نیوێک باخە، کە موزایدەکەی بە بڕی ٢ میلیارد تمەن خەڵمێندراوە.

"کامیل عەبدوڵڵاپوور"، ساڵی ٩١ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە ئێران هەڵهات و هەنووکە دانیشتووی یەکێک لە وڵاتانی ئورووپاییە.