ئەگەری بڕینەوەی دەستی کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی سەرمابردووییەوە

15:07 - 27 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، سەر بە پاوە، بە هۆی سەرمابردووییەوە، ئەگەری هەیە هەر دوو دەستی ببڕدرێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد ڕازی\"، تەمەن ٤٦ ساڵ، خەڵکی شاری نۆدشە، لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی سەرمابردوویی بووە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەم کەسە بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە: ئەگەری بڕینەوەی دەستی ئەم کۆڵبەرە لە ئارادایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم کۆڵبەرە لە ملەی تەتەی هەورامان، تووشی ئەم ڕووداوە بووە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان.

ناوبراو هەتاکوو ئێستاش لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری کرماشاندا لەژێر چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان \"سامان ساڵحی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گەڕەکی \"قەوەخـ\"ـی سەقز و \"محەممەد کەریمی\"، خەڵكی گوندی \"شوێ\"، سەر بە شاری بانه، لە چیاکانی دەورووبەری گوندی \"بروێشکانی\" سەر بە بەخشی \"نەنۆڕ\" بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست دا.

لە دەسپێکی وەرزی سەرمادا هەتا ئیستا، ٧ کۆڵبەری کورد لە بەرزاییی سنوورەکانی کوردستاندا، بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست داوە.