ئەندامێکی شاخەوانیی \"هەڵۆ\"ی سەقز، بۆ ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە

14:29 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی گرووپی شاخەوانیی \"هەڵۆ\"ی شاری سەقز، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، \"فایەق یووسفی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆی شاری سەقز، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، گواسترایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش گواستنەوەی ئەو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ، هەر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاشکرای کرد کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی \"فایەق یووسفی\" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕایانگەیاندووە هەتا کاتی تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، ناتوانین هیچ وڵامێکتان پێ بدەینەوە.

لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ١٧ و ١٨ی پووشپەڕی حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان، سێ کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی \"هەڵۆ\"ی شاری سەقزیان بە ناوەکانی \"فایەق یووسفی، بەهمەن گوڵاڵی و هادی محەممەدزادە\"، دەسبەسەر کرد.