ئەنجومەن و چالاکانی مەدەنیی مەریوان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

20:07 - 1 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەن و چالاکانی شاری مەریوان، بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە گیراوانی ئەم دواییەی ڕێوڕەسمی \"دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان\"، بڵاو کردەوە.

چالاکانی مەدەنی، ئەنجومەنەکان و ڕێکخراوە خەڵکییەکانی شاری مەریوان، لەم بەیاننامەیەدا سەبارەت بە دۆخ و پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانیی دەسبەسەرکراوان، داوایان لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان کرد کە پێداچوونەوەی خێرایان لەسەر ئەم ڕووداوە هەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان، پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کوشتن و خۆکوژیی ژنان لەو شارەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە دروشمی \"نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان\" و \" نا بۆ قەتڵی نامووسی\"، بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ژمارەیەک لە ناڕازییان بە تایبەتی \"دیمەن فەتحی، سوومەیە ڕوزبە، محەمەد دانش، کەویار خیشکار، هێمن کانی سانانی، موژدە مەردۆخی و حەمید قوبادی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزە ئینتزامییەکان بە پێچەوانەی یاسای فەرمی و لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکە بەتەواوی هێمنانە بووە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوانیان دەسبەسەر کردووە و بێڕێزییان بە یەکێک لە چالاکانی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە کردووە و بەتوندی لێیان داوە.

هەروەها لەم بەیاننامەدا ئاماژە بە یاسا و ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، کراوە کە هەر جۆرە ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی زانیاری ڕێگە پێ نەدراوە، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەمانە، هێزە ئەمنییەکان لە ئەشکەنجە و سووکایەتی و بێڕێزی بە کەرامەتی دەسبەسەرکراوان، کەڵکیان وەرگرتووە.

ئەنجومەنەکانی: ڤەژین، ڕۆنان، ڕۆجیار، ژیانەوە و... لە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیەن.