ئەمساڵ، ٢٢ کتێبی کوردی لە پارێزگای سنەدا چاپ کراون

15:29 - 19 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٩٥ کتێب لە پارێزگای سنەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لەو ٩٥ کتێبەدا، ٢٢ کتێبیان بە زمانی کوردی نووسراون.

بەڕێوەبەریی کاروباری کتێب و کتێبخانەکانی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: \"لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٩٥ کتێب لەو شارەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە\".

بە وتەی \"شەوبۆ بەخشا\"، لەو ٩٥ کتێبە چاپ کراوانەدا، ٢٢ کتێبیان بە زمانی کوردی، بە تیراژی ٢٩ هەزار و ٦٠٠ بەرگ بووە.

بە وتەی بەرپرسی کتێب و کتێبخانەی شاری سنە، ٦ کتێبیش لە بەشی منداڵاندا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە چاپکردنی کتێب لە ساڵی ڕابردوودا کرد و ڕایگەیاند: \"لە ساڵی ٩٧دا، زیاتر لە ٢٩٨ کتێب لە تیراژی ٢٨٩ هەزار و ٥٠٠ بەرگ بڵاو کراوەتەوە\".

\"شەوبۆ بەخشا\" هەروەها ئاماژەی بە کتێبی چاپکراو بە زمانی کوردی لە ساڵی ڕابردوودا کرد و وتی: \"لەم ڕیژەیە، ١٣٠ کتێبی کوردی لە تیراژی ١١٣ هەزار و ٣٠٠ بەرگ، بڵاوکراوەتەوە\".

هەروەها ساڵی ڕابردوو، ١٨ کتێبیش بۆ منداڵان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

سانسۆر، پێشگرتن بە چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی کوردی، نەدانی مۆڵەت بە چاپی کتێبی کوردی کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی حکوومەتدا نییە، بووەتە هۆی ئەویکە نووسەران نەتوانن لە ڕادەی پێویستدا و لە بوارە جیاوازەکاندا، کتێب بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو بکەنەوە.