كەشی پۆلیسی، ترس و تۆقاندن دیاریی نەورۆزی بۆ كوردان

17:07 - 10 خاکەلێوه 2712
Unknown Author
وتەی سەرنووسەر: هەرچەند لەمێژە كورد لە كوردستانی ئێران لەژێر سێبەری ترس و تۆقاندنی \"پۆلیس\"دا ژیانیان لێ‌ تاڵتر دەكرێ‌، بەڵام هاوكات لەگەڵ نەورۆزی سەرانسەری دونیا كەلە جێژن و شاییەكاندا سەما دەكەن، ئەوە كوردستانە بۆ بەرەنگاریی دژە مرۆیی كەوتۆتە حاڵەتی خرۆشانەوە.

لەم نەورۆزەدا حەوت سینی كوردان بە \"سین\"ی سلول (ژووری تاكەكەسی)ی شێركۆ مەعارفی و حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور و لە سەرما رەق هەڵاتنی مستەفا رێماس كۆڵبەری كورد و دەیان سینی دیكە رازێنراوە هەتا سەمای بەرەنگاری و مرۆڤایەتی، چەشنی پشكۆی ئاگری نەورۆزی كوردان خۆی بنوێنێ‌.

دەنگدانەوەی هەژێنەری گواستنەوەی لاوانی كورد بۆ ژوورە تاكەكەسییەكان و راگەیاندنی رێكەوتی ئیعدام كردنیان مزگێنی و دیاریی نەورۆزییە بۆ دایكانی جەرگ سووتاوی كوردستان و دیسان ...

مانگرتن لە خواردن، بردن بۆ ژووری تاكەكەسی، خۆكوژیی كرێكاران، تەئیدی حوكمی ئیعدام، نەدانی مەرەخەسی بە زیندانیانی سیاسی، كوژرانی كۆڵبەرانی كورد، دەستبەسەر كران، دەركردنی حوكمی زیندان، ترس و تۆقاندن و دیسان پۆلیس و پۆلیس! و گشت ئەم رووداوانە لە سەرەتاكانی ساڵی نوێ و نەورۆزددا لە كوردستان روویان داوە.

بۆنەی سێزدە بەدەریش كە بگات، سێزدە بەردی سێزدەش پەرت ناكەین، هەتا پێداگریمان لەسەر سڕینەوەلی قین، بوغز و توندوتیژی كردبێت، نەوەكوو بەردەكانمان گیانی بوونەوەرێك بخەنە مەترسییەوە.

ئاسو