ئێوارەشێعرێک بۆ لێقەومانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان لە شاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو

14:29 - 28 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئێوارەشێعرێکی پاییزی، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شاعێرانی کوردستانی ئێران، لە بنکە فەرهەنگییەکانی \"گوتاری نوێ\" و \"خانای قوبادی\"، لە شاری جوانڕۆ بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، بنکە فەرهەنگییەکانی \"گوتاری نوێ و خانای قوبادی\" لە شاری جوانڕۆ، ئێوارەشێعرێکی بۆ شاعێران و ئەدەیبانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێک خست.

ئەو ئێوارەشێعرە، پاش خولەکێک ڕاوەستان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو، دەستی پێ کرد و دواتر فەرەیدوون میرئەحمەدی بە نوێنەرایەتی لە بنکە فەرهەنگییەکانی جوانڕۆ، بەخێرهاتنی میوانان و سەرجەم شاعێرانی شارە کوردنشینەکانی کوردستانی کرد و سپاسی بەدەنگەوەهاتنی ئەوانی کرد.

شاعێران لە شارەکانی پاوە، ڕەوانسەر، کرماشان، سەلاس، هەرسین، سنە، بۆکان، سەقز، مەهاباد، جوانڕۆ و… بەشدار بوون.

شێعری شاعێران، دۆخی کارەساتباری کورد (بەشخوراوی، بوومەلەرزە، شازدەی ئۆکتۆبر، کیمیاییباران و ئەنفال و دۆخی ژینگەی کوردستان و….)، بوو، کە لە دووتۆی شێعری شاعێراندا خۆیان دەنواند.

لە بەشێکی دیکە ئێوارەشێعری پاییزی شاری جوانڕۆ، لە ڕیزەکانی چوار کەسیدا بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

لە نێوئاخنی ئەو ئێوارەشێعرە پاییزییەدا، دوو گرتە ڤیدئۆ کە باس لە دوو ڕووداوی جیاجیای بوومەلەرزەکەی سەلاسی باوەجانی و شاری سەرپێڵی‌زەهاو و قەسری‌شیرینیان دەکرد، پیشانی بەشدارانی ئەو ئێوارەشێعرە درا.

هەروەها ئەندامانی قەڵەمی هاوچەرخی کورد، لەو ئێوارەشێعرەدا بەشدار بوون و هەریەک لە شاعێران: پەرویز بابایی، ئەحسەن ڕەشیدی، مەسعوود کیانی، ژیکاڵ مەریوانی، شەوبۆ عەلیمحەمەدی، داود غەفاری و ژیرا غەفاری (منداڵی شارەپەپـوولە)، شێعریان خوێندەوە.