ئێران ئیزنی بە نووسەران و رۆشنبیران نەدا بەشداری فێستیڤاڵی گەڵاوێژ بن

12:53 - 2 سەرماوەز 2711
كوردپا: لایەنە ئەمنیەتی و پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیزنیان نەدا نووسەران و رۆشنبیرانی كورد و فارس لە ئێرانەوە بەشداری پازدەیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و رووناكبیریی گەلاوێژ لە هەرێمی كوردستان بن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند:\" كۆمەڵێك لە ئەدیب و نووسەری ناوداری ئێرانی \"فاس و كورد\" كە بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی پازدەیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و رووناكبیریی گەلاوێژ كرابوون، لایەنە ئەمنیەتییەكانی حكومەتی ئیسلامیی ئێران لە فڕۆكەخانەی تاران و سنوورە فەرمییەكان پێشیان بە هاتنی ئەو كۆمەڵە نووسەرە گرتووە و بەبێ‌ هۆ نەیانهێشتووە بەشدار بن\".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا كەلە رێگای حەراسەتی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران و هەروەها ناوەندە ئەمنیەتییەكانیشەوە ئەو نووسەرانە ئاگادار كراونەتەوە كە نابێ‌ بە هیچ لەونێ‌ بەشداری فێستیڤاڵی گەلاوێژ بن و هەروەها پێیان راگەیاندوون ئەگەر بێت و هەر كەسێك بەشداری بكات، بەرەنجامی یاسایی بۆی دەبێت.

بەپێی كاتالۆگی بەرنامەكانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ چەندین نووسەر و شاعێری ناوداری ئێرانی وەك: سەید عەلی ساڵحی، محەممەد عەلی سەپانلوو، رەسووڵ یۆنان، گراناز مووسەوی و... بڕیار بوو بەشداری فێستیڤاَلی گەلاوێژ بن كە رێیان لێگیراوە.

فێستیڤاڵی ئەدەبی و رووناكبیریی گەلاوێژ هەر ساڵە لە سێ‌ بواری شێعر، چیرۆك و لێكۆڵینەوەدا لەلایەن بنكەی ئەدەبی رووناكبیریی گەلاوێژەوە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت كە پازدەیەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە دوێنێ‌ سێشەمە رێكەوتی 1ی سەرماوەز دەستی پێكرد و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.

وێنە : PUK میدیا