كێ چێوی لە كونی ئەم زەردەواڵانەوە وەردان؟

19:54 - 23 جۆزەردان 2715
Unknown Author
چل چەمە

زۆر دوور ناچم، كە چمان بە سەر هاتووە، لە ئەشكەوت وبنە بەردان دا، لە گەڵ دێوو درنجان چۆن ڕا هاتین و باشارمان كرد. بۆ ئەوەی بنەچەمان نەبڕێتەوە وتانەی ئەم وئەومان نەێتە سەر، چون كورد دەڵێ: زۆر وتن قورئان خۆشە.

لە دوای دابەش كردنی كوردستانی نیشتمان بە چوار كەرتەوە لە لایەن ئاغا خوا نەناسەكانی سەردەمەوە‌و، بێ پرس و ڕاو، زۆر بێ شەرمانە‌و، بە تەعارفێكی پووچ و بێ بنەما هەر كەرتەی درایە پاڵ وڵاتێك و، بەوەش وازیان نەهێنا و بە نێوی كافر وبێ دین و جودایی خوازهاتن بە وێزەمانا. هەر ڕۆژەی كەسێ كردمانیە دەستە چیلەی خۆش كردنی ئاگری قازانی بەر دەم ماڵە گەورەی خۆیی و شیلەی هەست وتێگەیشتنی مژیتین. دوای ئەم شەپ شەپێنەی كە ئەم وئەو بە درێژایی مێژووی ڕابردوو بە سەریان هێناین، كە هۆكارەكەیشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بنەمایێكی دروست وحەساوی ڕیشەی ئابووری وڕامیاری و كۆمەڵایەتی ئەم میللەتە سەر بە هەشە.

لە گۆشەو كەنارەوە بە هۆی مرۆڤە تێگەیشتوو لێوەشاوەكانی بە دەگمەن هەڵكەوتوومان، كەسەرەنجامیش هەر بە نرخی سەریان تەواو بوو، تۆزێ ئاهێكمان هاتەوە بەر خۆ و وردە وردە ڕێچكەی ژیانمان ناسی. ئەوە پاڵی داوە بە حەوت دەهەوە، واتە نزیكەی قەڕنێكە خەبات وتێكۆشان وبەربەرەكانێ مانە بۆ سەر بەخۆیی و لەم قۆناغەش دا هەزاران هەوراز و نشێو مان بڕی و بە هەزارانیش ڕۆڵەی زیت وچاو كراوەمان بوونە قوربانی. ئێمەی بەخت بەرگەشتەی باوان وێران، لە پێناوی وڵات پارێزی دا لە هەموو لایەكەوە، مل هوڕە دیكتاتۆرەكان وەك زەروو بێ ڕەحمانە دەمیان لە ئەوكمان چەقاندوە و تا تنۆكە خوێنێكیان پێ شك هاتبێ كۆڵیان نەداوە، لەو لاشەوە وەك مشكی تاقیگامان بە سەر هاتوە. بە تەماحی نەوت و نان و زێڕ وزیوی وڵاتەكەمان هەر ڕۆژ بە بەهانەێكەوە دەمان ڕووتێننەوە، كەنووی زەخیرەیی ماڵمان هەڵپەلووش دەكەن و كەسیش تا ئێستا نەی وتوە: بە چ تاوانێك ئاوامان بە سەرا دێنن ؟

دارێكمان بە دەسەوەیە هەر دوو سەری گواوییە، تاوێ ئایینەكەمان قۆرتی تێدایە، داعیشی دابەستەی سەر ئاخوڕی خۆیانمان بۆ حەواڵە دەكەن.

خوولێكیش زوانەكەمان لارە و دەبینە توركی شاخی. ڕۆژێكیش جل وبەرگەكەمان مێمڵمانە و پێناسەمان نادرێتێ، كاكڵی وتان هەر دەمە بە بەهانەیێك ئەم گورگە برسی یانە خەشی خۆیان بە سەرماندا دەڕێژن. گازی خەر دەل، بۆمب، مووشەكی زەمین بە هەوا، تۆپ وخومپارە، كاتوێشاو ڕاكێت وگوللەی هەمە بابەت دەبێ لە سەر خاك و لەش ولاری ئێمەی بێ داشیار تاقی بكرێتەوە، هەر دوێنێ بوو شێخ ئەحمەدی بارزانی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی نەمر، مەلا خەلیلی گۆڕە ومەر، سمایل ئاغای سمكۆ، مەلا مستەفای بارزانی وپێشەوا قازی محەمەد.

ئەمریكا و ئینگلیزەكەی ئەمڕۆ بۆ قازانجی خۆی دەیبردنە پەڕ پەڕۆچكەی عاسمان و پاش تەواو بوونی نیازە چەپەڵەكانیان لەو بەرزاییەوە تووڕیان دانە خوارەوە. ئەی بۆسازمانی بەینەل مولەل و لایەنگرانی مافی مرۆڤ كە سكە دڕێیانە بە ناو، لە پەروەندەی ژینۆ سایدی ١٨٢٠٠٠ ئەنفال و ١٢٠٠٠ كوشتەو برینداری هەڵه‌بجە و گۆڕە بە كۆمەڵەكان و كۆ ڕەوە بە ناو بانگەكەی باشووری كوردستان و هەزاران كەسی لە بەین چووی بێ ناو نیشانی سەر دەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گوندی كوێرە گوێزی سەقز و باینجانی بانە، ئێستاكەش ئاوڕیان نەدایەوە و كوردە وتەنی دەڵێی: گوێزیان بۆ دەژومێری. بە وحاڵەش تا ئێستا نەكەوتویین و ورەمان بەر نەداوە، سینەمان هەر لە پێش بووە، دەڵێین:

\"دوژمن هەرچی نەیكا لە پیاوەتی خۆیەتی\" ئەوە تازە خەریكە بۆ جارێتر دوژمنانی كورد كرمی سەریان ببزوێ و پیلانی برا كوژی وەك خۆركە بخەنەوە ناومان، سەگ وفێڵاویین دەزانن لەو ڕێگەوە نەبێ ناتوانن دەرفەتمان لێ بێنن.

ئەویش لە هەلێكی ئاوا ناسك و لە شوێنێكی چەشنی قەندیل وبە دەستی پێشمەرگە و گریلا. هەر دوێنێ ئێمە بە دڵێكی پاك و ڕۆحێكی كوردانەوە سڵاواتمان لە سەر ڕۆڵەكانی قەندیل لێ دەداو، لە دوانگەی مزگەوتەكانا نزای خێرمان بۆ دەكردن، پاروومان لە زاری مناڵەكانی خۆمان دەگرتەوەو بە ناو تێل دڕوو دڕك وداڵەكانی دەروونی نەیاران ڕەوانەی ئەو دیومان دەكردن، جگە لە مانەش مناڵە تازە لە داییك بووەكانمان بە ناوی كۆبانی و گریلای قەندیلەوە ناو دێر كردن و بانگی ناوازەیی ئەوانمان بە گوێدا دان. نەمان زانی ئەوانیش بە جێی هەموو پیاوە تیێەك سكیان بە چێشتی گەرم نەسووتێ ڕۆڵەكانمان كە ساڵیانی ساڵە ئاوارەن و بە نیازی دیدار وچاو پێكەوتن بەرەو وڵاتی خۆ دەگەڕانەوە بە گوللەی كڵاشینكۆف قەنناسەكەیان دابێژ دابێژ دەكەن، هەی پلاپیتكەی سەر ماشەت ماری حەوت سەر بیگەزێ یا خوا، چۆن دڵت هات و بۆ بارەقەڵڵای كام ئاغا ئەو دەستە گوڵەت دا بە ئاوا؟

ئەی مەگەر هەڵۆكەی زیندانی جەزیرەی لیبڕایت لە بیر چوەتەوە؟! كە بۆچی گیراوە، مەگەر شوعاری ئێوە ئەوە نەبوو؟ ئەتانوت: كوردستان یەك پارچەیە و دوژمنەكەیشی هەر یەكە، خەباتی ئێمەش بەو نیازەیە. بەڵام قەیناكە ئەم با تا سەر لەو كونەوە نایە، ئێمە هەر دەخورێین با ئەم چەلەش سەرەی ئێوە بێ، ئەوەش بزانن نە مار كلكی لە بیر دەچێ و نە باغەوان كوڕی. با دوژمنان دڵنیا بن ئەو پیلانە و پیلان داڕێژەرانی ئەم كارەسانە لە بیر ناچنەوە ڕۆژی خۆی دێ كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە