یەڵدا عەباسی کچە هونەرمەندی کورد ئازاد کرا

19:48 - 16 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە هونەرمەندێکی کورد خەڵکی خۆراسان، کە لە لایەن پۆلیسی تورکییەوە دەسبەسەر کرا بوو، پاش ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز، یەڵدا عەباسی کچە هونەرمەندی ناسراوی کورد خەڵکی خۆراسان، پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆنسێرتێکی مۆسیقا لە شاری ئۆستانبوڵی تورکیە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کرابوو، ئەمڕۆ هەینی ١٦ی سەرماوەز، ئازاد کرا.

ئەو کچە هونەرمەندە کوردە کە بە بۆنەی ٢٧مین ساڵگەردی دامەزراندنی ناوەندی فەرهەنگی \"میزپوتامیا\" بانگهێشت کرابوو، لە لایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکیە دەسبەسەر کرابوو.

پارێزەری یەڵدا عەباسی لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند کە، هۆکاری دەسبەسەر کردنی یەڵدا عەباسی \"پشتیوانی لە عەفرین\"، بووە و ئەمڕۆ هەینی ١٦ی سەرماوەز لە گرتووخانە ئازاد کرا.

یەڵدا عەباسی لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری شیروان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و گەورەبووی شاری قوچانە و دەرچووی قوناغی ڕشتەی \"فناوری اطلاعات\"ە. ناوبراو لە تەمەنی ٤ ساڵیدا لە لایەن دایکەوە، کە یەکەمین مامۆستای بووە و دەستی بە گۆرانی وتن کردووە.