یەکەمین کێبڕکێی \"زۆران\" لە کوردستان بەڕێوچوو

14:12 - 29 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین کێىڕکێی \"زۆران\" بە بەشداری شەش شار، لە زۆرانکارانی ئەو شارانە، لە شارەدێی ئارمردەی بانە بەڕێوەچوو.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر، بە بەشداری ٥٠ زۆرانوانی کورد لە شارەکانی بانە، سەقز، کامیاران، مەریوان، بیجاڕ و ئارمەردە، یەکەمین کێبڕکێی زۆرانوانی لە شارەدێی ئارمەردە بەڕێوەچوو.

زۆرانوانانی کورد لە چوار کێشی ٧٠،٨٠،٩٠،١٠٠ کیلۆ لەگەڵ یەکتر کەوتنە کێبڕکێیەوە.

لە کێشی ٧٠ کیلۆدا، هێمن مەجیدی لە شاری بانە، پلەی یەکەم، بینا بارامی لە مەریوان و ئەرشەد مارابی پلەکانی دووهەم و سێهەمیان بە دەست هێنا.

هەروەها زۆرانوانی کورد لە کێشی ٨٠ کیلۆدا، خالید عزیزیان لە مەریوان و بێهزاد بیگلەری لە شاری سەقز و هێمن ڕەشیدی، پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان بە دەست ‌هێنا.

لە کێشی ٩٠ کیلۆدا، ئاسۆ مەحموودیان لە ئارمردە، کۆسار بارامی لە شاری کامیاران و بێهزاد شکوهی لە بانە، پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان بە دەست هێنا.

هەروەها لە کێشی ١٠٠کیلۆدا، عادڵ ناسرئابادی لە مەریوان، ڕزگار خدری لە ئارمردە پلەکانی یەکەم و دووهەم و محەممەد پایبەندپوور و کامران قەدیمی لە شاری سەقز بە هاوبەشی پلەی سێهەمیان بە دەست هێنا.

بەڕێوەچوونی ئەم کێبڕکێیە یەکەم جارە لە کوردستان بە شێوەی فەرمی بەڕێوە دەچێت و هەموو زۆرانوانان بە جلوبەرگی کوردییەوە، بەشداری ئەو کێبڕکێیە بوون.