یەکێک لە گومانلێکراوانی تیرۆری دوکتور قاسملوو لەئورووپایە + وتووێــژ

12:08 - 21 رەزبەر 2713

 

ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە تاوانبارانی پەروەندەی عەبدولرەحمان قاسملوو کە لەلایەن دەزگای قەزایی وڵاتی ئوتریشەوە حوکمی گیرانی دەرچووە، هاوڕێ لەگەڵ شاندێکی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەردانی ئورووپای کردووە و هەتا ئێستاش لە وڵاتانی ئوروپایی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"محەمەد جەعفەری سەحراروودی\" ،کە بە کوشتنی عەبدولرەحمان قاسملوو تاوانبارە، لەگەڵ شاندێکی پارلمانی ئێران بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفڕانسی رێکخراوی یەکیەتیی پارلمانتاران سەردانی \"ژنێڤ\"ی وڵاتی \"سویس\"ی کردووە، و زۆربەی حیزب سیاسییەکان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان خوازیاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو بوون.

دوابەدوای ئەوەی عەبدولرەحمان قاسملوو سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران لە وڵاتی ئوتریش تیرۆر کرا، لەسەر داوای پۆلیسی ئەو وڵاتە بڕیارێکی نێونەتەوەیی بۆ دەستبەسەر کردنی جەعفەری سەحراروودی و دوو کەسی هاووڕێی وەک ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە، دەرچوو.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پۆلیسی وڵاتی ئۆتریش ئەنجامی داوە و ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی‌دا هەن، \"عەبدولرەحمان قاسملوو\" سکرتێری پیشووی حیزبی دێمۆکرات لەرێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕدا بەرامبەر بە ١٣ی ژوئیەی ساڵی ١٣٦٨ – ١٩٨٧ لە وڵاتی ئوتریش لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەرێگەی \"جەعفەر سەحراروودی، مستەفا جەوادی و مەنسوور بوزگیان\"ـەوە بەشێوەی پلان بۆداڕێژراو تیرۆر کرا.

هاوکات لەگەڵ سەردانی جەعفەری سەحراروودی بۆ وڵاتی سویس، کۆمیتەی کاروباری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری دەستبەسەر کردنی جەعفەری سەحراروودی و رادەست کردنی ناوبراو بە دەزگای قەزایی وڵاتی ئۆتریش بوون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ بەدواداچوون و روونکردنەوەی زیاتری ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە \"شاهۆ حوسێنی\" نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەدەرەوەی وڵات کرد و ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەوەی‌کە حەعفەری سەحراروودی لەگەڵ ئەو شاندە سیاسییەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، رایگەیاند؛ هەنووکە سەحراروودی کە ناوی خۆی بۆ \"عەلی جەعفەری\" گۆڕیوە هاوڕێ لەگەڵ عەلی لاریجانی و شاندی هاوڕێی هاتوونەتە وڵاتی سویس\".

\"15975.jpg\"

 

 

شاهۆ حوسێنی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە رێگەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتەوە لە ژنێڤ و ئوتریشەوە هەوڵمان داوە کە بەپێی ئەو بڕیارەی کە دادستانی گشتیی وڵاتی ئوتریش بۆ دەستبەسەر کردنی سەحراروودی دەری کردووە، پۆلیسی ئینترپۆل ئەو حوکمە جێبەجێ بکات.

بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئەو حیزبە لەدەرەوەی وڵات ئاشکرای کرد، \" رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٨ی رەزبەر جەعفەری سەحراروودی هاوڕێ لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ئێران، محەممەد قەسیم عوسمانی نوێنەری شاری بۆکان لە مەجلیس، باقر بناوی، نوێنەری شاری بناو، عەلی ئەفراشتە جێگری بەشی بەڕێوەبەریی سەرۆکی مەجلیس، مێهناز بەهمەنی نوێنەری شاری سەراو و حەسەن قەشقاوی جێگری بەرپرسی کونسوولی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وڵاتی سویسیان بەجێهێشتووە و بەرەو وڵاتی کرۆواسی رۆیشتوون.

شاهۆ حوسینی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەپێی ئەو باروودۆخەی ناوچە و دۆخی پەروەندەی ناوکیی ئێران هەتا چەندە چاوەڕوان دەکرێت کە وڵاتانی ئەورووپایی جەعفەری سەحراروودی دەستبەسەر بکەن، رایگەیاند، \" دیارە وڵاتانی ئەورووپایی هەمیشە قازانج و مەسڵەحەتی خۆیان لەبەر چاو دەگرن، بەڵام هەنووکە بە هاوکاریی کۆمەڵێک پارلمانتاری مرۆڤدۆست ئورووپایی و چەندین ناوەند و رێکخراوی مافی مرۆڤ هەوڵەکانمان خستۆتە گەڕ و داوامان کردووە بکوژی دوکتور قاسملوو دەستبەسەر بکەن\".

ناوبراو سەبارەت بە بەشداری کردنی \"محەممەد قەسیم عوسمانی\" وەک نوێنەری کوردی بەشداری ئەو شاندە رایگەیاند؛ \"حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بە رای گشتی بڵێت کە لە وڵاتی ئێراندا کوردەکانیش بەشداری دەسەڵاتن و ئەگەریش بکوژی دوکتور قاسملووش لەنێو ئەو شاندەدا هەیە، لە هەمان کاتدا نوێنەری کوردیش لە شاندەکەدا بوونی هەیە، ئەمەش تەنیا چاوبەستنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە و هیچی دیکە نییە\".

حوسێنی سەبارەت بە رەوتی پەروەندەی تیرۆر کرانی عەبدولرەحمان قاسملوو، ئەوەی خستەڕوو، \" پەروەندەکە وەک خۆی ماوەتەوە، ئێمەش چاوەرێ دەرفەتێک دەکەین و ئەگەر هەلێکی رەخساو بێتە ئاراوە، پەروەندەکە دەکرێتەوە و ئەنجامدەران و بکوژانی ئەو تیرۆرە سزا ئەدرێن\".

هەنووکە کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسیی وەک \"شۆرای بەرنگاربوونەوەی نیشتمانی بە دەرکردنی بەیاننامە و هەروەها رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ بە تۆمار کردنی سکاڵای فەرمی لە دادستانی گشتیی وڵاتی سوییس، خوازیاری دەستبەسەر کردنی جەحفەری سەحراروودی بوون.