ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕێگری لە هاشم حوسێن‌پەناهی کرد لە چوونی بۆ زاهیدان

14:42 - 13 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕێگری لە چوونی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئیمام بوخارایی شاری سنە، بۆ شاری زاهیدان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لە ڕێگای تەلەفوونەوە، ڕێگری له \"هاشم حوسێن‌پەناهی\" مامۆستای قوتابخانەی زانستی دینی، شاری سنە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕسمی دەرچووانی خوێندکارانی ئایینیی لە شاری زاهیدان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"هاشم حوسێن‌پەناهی، لە لایەن قوتابخانەی زانستی دینی \"دارالعلوم\"ـی شاری زاهیدان بانگهێشت کرابوو، بۆ بەشداری کردن لە ڕێوڕسمی دەرچووانی خوێندکارە ئایینییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لە ڕێگای تەلەفوونەوە، هوشداریان بە ناوبراو داوە، بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا نەکات.

ئەو سەرچاوەیەن هەروەها دەڵێت: هۆکاری ڕێگری کردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە هاشم حوسێن‌پەناهی، بۆ شاری زهیدان و بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی قوتابییە ئایینییەکان لە قوتابخانەی \"دارالعلوم\"ـی شاری زاهیدان، بۆ بەشداری کردنی ناوبراو لە ساڵی ڕابردوو، گەڕانەوە و کە ئەو مامۆستا ئایینییە لەو ڕێوڕەسمەدا، چەند وتەیکی پێشکەش بە قوتابییانی قوتابخانەی \"دارالعلوم\"ی شاری زاهیدان کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی قوتابیانی ئایینیی لە قوتابخانەی \"دارالعلوم\"ی شاری زاهیدان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕێگری لە بەشداریکردنی حەسەن ئەمینی، بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام بوخاریی ئەو شارە، لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.