ئیدارەی بێهزیستی، توانای پشتیوانی لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیەی نییە

15:29 - 13 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی بێهزیستی کە بە سەرەکیترین ناوەندی دەوڵەتی لە ئێراندا بۆ ڕێکخستنی کەمئەندامانی کۆمەڵگا دێتە ئەژمار، توانای یارمەتی گەیاندنی بە ئەندامانی خۆی نەماوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی بێهزیستیی شاری جوانڕۆ، بە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو ڕێکخراوەی ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی پارە، ناتوانێت منداڵەکانی ناونووس بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"دوو منداڵی کەمئەمندامی بنەماڵەیەکی جوانڕۆیی کە ئەندامی ڕێکخراوی بێهزیستین، هەر لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیە دەستی ڕەت بە سینگیان نراوە و دوو منداڵە کەمئەندامنەکانی ناونووسی نەکراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"باوک و دایکی ئەو منداڵانە، ئەندامی بێهزیستین و ئەو ڕێکخراوەیە ئەو دوو منداڵەی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پارە، لە ناونووسیکردن بێبەری کردووە\".

بێهزیستی، نەتەنیا ئەندامانی کەمئەندام، بەڵکوو کەمئەندامانی بنەماڵەی کوژراوانی حکوومەتیش ناونووس ناکەن و پێیان ڕاگەیاندووە کە لە کاتێکدا ئێمە دەتوانین ناوی ئێوە لەم ڕێکخراوەیەدا تومار بکەین کە یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە گیانی لەدەست بدات.

ئەو سەرچاوەیە هەرورەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئیدارەی بێهزیستیی شاری جوانڕۆ ڕایگەیاندووە: \"ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ بونیادی شەهید تەواو بووە و ئەوان یارمەتیی ئێمە ناکەن و ئێمەش بەهۆی نەبوونی پارە و خزمەتگوزاری، ناتوانین منداڵەکانتان لەم ڕێکخراوەیە وەربگرین\".