ئیتلاعاتی ورمێ و سنە سێ چالاکی کرێکاری بانگهێشت کرد

14:50 - 6 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، سێ چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و سنە کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"ئەحمەد تەقی‌زادە\" دانیشتووی شاری ورمێ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و هێزە ئیتلاعاتییەکان لێپرسینەوەیان لەو چالاکە کرێکارییە کرد.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە پەیوەندیی لەگەڵ \"چالاکییەکانی لە ڕاستای بە دەستهێنانی مافی کرێکارانی یەکەکانی سنعەتی شاری ورمێ\" بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بانەمەڕ، دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە ناوەکانی \"غالب حوسینی\" و \"موزەفەر ساڵح‌نیا\" بانگهێشتی حیراسەتی سپای پاسدارانی ئەو شارە کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەو سێ چالاکە کرێکارییەیان ڕاگەیاندووە، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران موڵەتتان پێی نادرێت و لە ئەگەری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوت دەکەن.