ئیتلاعاتی شاری سەردەشت چالاکانی مەدەنی ئەو شارەی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد

15:13 - 26 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بانگهێشت کردنی چالاکانی مەدەنیی کورد لە شارەکانی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، لە درێژەی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ سێڵاولێدراونی خەڵکی لوڕستان، لەژێر ناوی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\"، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی شارەکانی سەردەشت، نەڵاس، میراوا و ڕەبەت، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشتەوە، بانگهێشت کراون و پێیان ڕاگەیاندراوە، کۆتایی بەو کەمپینە بهێنن.

ئەو کەمپەینە لە لایەن چەند کەس لە خێرخوازان و چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت بەڕێوەچووە و ئیدارەی ئیتلاعاتیش پێشی بە چالاکییەکانی ئەو کەمپەینە بۆ یارمەتی گەیاندن بە سێڵاولێدراوانی لوڕستان، گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، چالاکانی شاری سەردەشت بە کردنەوەی ژمارە حیسابێک لە بانکی سادراتی سەردەشت، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە، لە ڕێگای ژمارە حیسابەوە لە بانکی سادرات، دەتوانن یارمەتی نەخدی بە هاووڵاتییانی لێقەوماوی لوڕستان بگەیەنن، بەڵام بانکی سادرات و ئیدارەی ئیتلاعات ژمارە حیسابی ئەو چالاکانەی داخستووە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە زاری یەکێک لەو هاووڵاتییانی شاری سەردەشت، کە بڕی ٣٠٠ هەزار تەمەنی وەکوو یارمەتی بە سێڵاولێدراونی لوڕستان خستبوو سەر ئەو ژمارە حیسابەی بانکی سادرات، دواتر ژمارەی حیسابی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ زیاتر لە ١٥ کەسی دیکە، داخراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هەواڵنێری کوردپای گوتووە، زیاتر لە ١٥کەس لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون و ئەو کەسانەی لە سەرەوەی ٢٠٠ هەزار تمەن پارەیان خستووەتە حیساب، پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەری ئازاد کراون و هەروەها هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنی کردووە لە ئەگەر کۆتایی نەهێنان، بەو کەمپینە، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.