ئیتلاعاتی شاری بۆکان هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەر کرد

14:52 - 10 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئارمان نەسیری\" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی عۆسمان خەڵکی گوندی \"میرئاوا\"ی شاری بۆکان، لە ماڵی باوکی لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ٧ ساڵەیە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا، نییە.