ئیتلاعاتی سەردەشت، هەڕەشەی لە شاعیران کرد کە شێعری سیاسی نەخوێننەوە

15:27 - 9 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت، لە شەوە شێعری یادی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشتدا، هەڕەشەی لە شاعیرەکان کرد کە نابێ شێعری سیاسی لەو ڕێوڕەسمەدا، بخوێننەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٧ی پووشپەڕ، شەوە شێعرێک لە هۆڵی هونەری شاری سەردەشت، بۆ یادی قوربانییانی کیمیابارانکردنی ئەو شارە ڕێکخرابوو، کە ئیدارەی ئیتلاعات، هەڕەشەی لە شاعیرێک کرد کە نابێ شێعری سیاسی لەو یادکردنەوەیەدا، بخوێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"لەو شەوە شێعرەدا، شاعیری کورد، \"کەریم دافعی\"، ناسراو بە \"ک.د.ئازاد\"، لە لایەن بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارەوە پێشی پێگیرا کە نابێ لەو یادکردنەوەیەدا، شێعر بخوێنێتەوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسی هۆڵی ئیرشادی شاری سەردەشت ڕایگەیاند: \"ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لەوان کردووە کە لە ئەگەری خوێندنەوەی شێعری سیاسی، لەگەڵ ئێوە بەپێی یاسا هەڵسوکەوت دەکرێت\".

شاعیرەکانی بەشداربووی ئەو ڕێوڕەسمە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دواتر ئیزن درا کە \"کەریم دافعی\" شێعرەکانی لەو شەوە شێعرەدا، بخوێنێتەوە.

شەوە شێعری یادکردنەوەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت، بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعیرانی شارەکانی کوردستان و خەڵکی سەردەشت و شارەکانی دەوروبەری ئەو شارە بەڕێوەچوو.

لەم پەیوەندییەدا، چالاکوانانی شارەکانی پیرانشار، نەغەدە، شنۆ و بانە، چەند چالاکییەکیان بە بۆنەی ٣٢هەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت بەڕێوەبرد.

هەروەها، پاسکیل‌سوارانی شارەکانی مەریوان، پیرانشار، مەهاباد، بانە و تیکاب، مەودای ئەو چەند شارەیان بە لێخوڕێنی پاسکیل بڕی.

ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کرا و لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پاش کیمیابارانەکەدا، ١٤٠ کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانیان لەدەست دا.