ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڕەشەی لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە شاری ورمێ کرد

14:05 - 5 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هەڕەشە سپای پاسداران لە بنەماڵەکانی چالاکانی سیاسی لە کوردستان بەردەوامە، و بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە شاری ورمێ لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارە هەڕەشەیان لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ڕێگای تەلەفوونەوە، هەڕەشەی لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە شاری ورمێ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: ئیتلاعاتی سپای پاسداران داوای لە بنەماڵەی جالاکانی سیاسی کردووە، ژمارە تەلەفوون، ناونیشان و شوینی نیشتەجێی کورەکانیان بەو ناوەندە حکوومەتییە بدەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی راگەیاندووە، بۆ وڵامدانەوەی هێندێک پرسیار، سەردانی ئیتلاعاتی سپا بکەن.

سەرچاوەی باوەڕ پێکراوی کوردپا ڕادەگەیەنێت کە، ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە هەڕەشەی لە بنەماڵەی جالاکانی سیاسی کردووە، لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ئەو ناوەندە حکوومەتی، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەروو دەبنەوە.

پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دژبەری حکوومەتی ئێرانن لە کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا بوون و ساڵانە چەندین کەڕەت ئەو بنەماڵانە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییەکان دەکرێن.