ئیتلاعاتی سپا، گوشار بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەهێنێت

16:00 - 21 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران، گوشاری بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە مەهاباددا هێناوە کە زانیارییە کەسییەکانی منداڵانی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئیتلاعات بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، سەردانی خانووی بنەماڵەکانی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە گوندی \"قوم قەڵا\"ی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهابادیان کردووە و ئەوانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات، داوایان لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان کردووە کە زانیارییە کەسییەکانی منداڵانی خۆیان کە لەنێو حیزبەکاندان، ڕادەستی ئەوان بکەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەیە ڕایگەیاند: \"هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، هەروەها بەو بنەماڵانەی کە منداڵانیان لە ڕیزەکانی حیزبە کوردییەکاندا گیانیان لەدەست داوە، ڕاگەیاندووە کە دەبێ زانیاریی وردی ئەوانیش ڕادەستیان بکەن.\"

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعات، کورتەنامەی هەڕەشەئامێزیان بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە کامیاراندا ناردبوو.