ئیتلاعاتی سپا، هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاری دەستبەسەر کرد

12:52 - 21 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر به ئیتلاعاتی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"باپیر بەرزە\" کوڕی عوسمان خەڵکی گوندی \"چیانە\" سەر بە شاری پیرانشاریان دەستبەسەر کرد.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خانووی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بە بێ مۆڵەتی، یاسایی پاش پشکنینی خانووەکەی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان پاش دەستبەسەر کردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە و چارەنووسی ناوبراو نادیارە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.