ئیتلاعات هەڕەشەی لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد

16:22 - 31 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات داوای لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد کە دەست لە ئەندامییەتی حیزبەکان هەڵبگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعات لە کوردستان، لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، داوای کردووە کە دەست لە ئەندامییەتی ئەو حیزبانە هەڵبگرن و بگەڕێنەوە ئێران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئێران و دەست هەڵگرتن لە ئەندامییەتی ئەو حیزبانە، لە تەواو ئیمکاناتی خۆشبژێویی ژیان کەڵک وەردەگرن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان کردووە کە لە ئەگەری دەست هەڵنەگرتن لە ئەندامییەتی حیزبە کوردییەکان، ئەمنییەتی گیانییان دەکەوێتە مەترسییەوە.\"

هەڕەشەی وەرزارەتی ئیتلاعات لە کاتێکدایە کە \"محەممەد فەدەوی\"، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی \"مەڵقەرەنیـ\"ی شاری سەقز، سەرەڕای پێدانی ئەماننامە بە بنەماڵەی فەدەوی بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان، پاش بانگهێشت بۆ ئەو ئیدارەیە، هەڕەشەیان لێکردووە لە ئەگەری دادگاییکردنیدا، ٥ ساڵ زیندانیی بە سەردا دەسەپێت.\"

لەم پەیوەندییەدا، ئەندامێکی پێشووی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ناوی \"پوویا ڕەسووڵی\"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عێزەت، پاش خۆڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران بە ئەماننامەی ئیدارەی ئیتلاعات، دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.