ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو لە پیرانشار کرد

14:21 - 2 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو خەڵکی شاری پیرانشار.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"حەسەن مورادی\" لە ڕاگەیەندنەکاندا، هەیئەتێک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی گشتی شاری ورمێ سەردانی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون لە وتووێژکردن لە گەڵ ڕاگەیانەکاندا سەبارەت بەو بابەتە خۆببوێرن.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی حەسەن مورادیان ڕاگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشی بۆ نەگرن و لە ڕووماڵ کردن و میدیایی کردنی پرسەی ناوبراو و ناڕەزایەتی خەڵکی سەبارەت بە کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە پێشگیری بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، هێزەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشار ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"حەسەن مورادی\" خەڵکی گوندی\"ئەمنئاوێ\" ی شاری پیرانشار گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە ناوەکانی \"ڕەحمان مەحموودنژاد\" و \"سمکۆ ئەحمەدیان\" بە سەختی بریندار بوون.