\"یاسر ئەمینی‌ئازەر\" بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

20:08 - 30 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی مەهاباد کە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\"، مامۆستای دەسبەسەرکراوی مەهابادی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، ئەم مامۆستایەی خەڵکی مەهاباد ، لە لایەن مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ماوەیەک پێش، یەکێک لە نزیکانی ئەو مامۆستا کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، بەڵگەی تاوانەکانی لە لایەن بەرپرسی هەیئەتی پێراگەیشتن بە سەرپێچییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری ورمێ، بەو مامۆستا کوردە، دراوە.\"

پێشتریش، ئەو مامۆستا کوردە، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧دا، بە هۆی مانگرتنی سەرەتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد کرابوو و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.

ئەو مامۆستا کوردە، بە هۆی ئەوەی کە قوتابییانی هانداوە کە قوتابخانەکانیان لە ڕەوتی مانگرتنی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧دا دابخەن و هەروەها مامۆستایانی هانداوە کە بەشداری لە مانگرتنی مامۆستایان، وەکوو بەڕێوەبەری قوتابخانە دواناوەندییەکانی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد بکەن، تاوانبار کراوە.

دوای دەسبەسەرکردنی ئەم مامۆستا کوردە، مامۆستایانی کوردستان دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و نامەیان بۆ پارێزگاری ورمێ نارد و داوای ئازادیی خێرا و بێمەرجی ئەم مامۆستایەیان کرد.